شاعیر: حافزی مەهابادی
کتێب: دیاری مەهاباد
سەرناو: کەسێ چرووکە و مستی قووچاوە
لەبارەی شیعر: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ٥٢.

کەسێ چرووکە و مستی قووچاوە
شێر بە گوێ بگرێ سووک و بەدناوە

پێستی ئادەمی بەسەر کشاوە 
بەرگی نامەردی لەبەر کراوە

هاکا لە داخا بوومە دێوانە 
هەر کردەی منە و بردەی شەیتانە

مانە مردنی خۆش‌بیرەوەری
ژانە ژیانی سەدەقەسەری

خۆشە تەنافم بچێتە ملی
نەک بەخێوم کەن بە لارەملی

ناچێ بە هەڵە پیاوی وریا و ژیر
تووڕە نابێ زوو، هەڵناچێ وەک شیر

ناڕاسێ، هەتا نەبینێ بەچاو
ئەگەر کوتت حەق، ڕادەوەستێ ئاو

کێ باسی خەڵکی کرد بە لاتەوە
بۆ ئەوان قسەی تۆش ئەباتەوە

ئەم پەندە ڕاستە و جێگەی باوەرە
دووزمان ئاور خۆشکەری شەڕە